عیسا کێیە؟ – بەشی سێیەم
عیسا کێیە؟ بەشی سێیەم مرۆڤی تەواو لەدایکبوونی پاکیزەیی سەرکەوتن بەسەر تاقیکردنەوەکانی شەیتان بێ گوناهی عیسا ئینجیل www.kurdishgospel.tv

عیسا کێیە؟ – بەشی سێیەم

عیسا کێیە؟ – بەشی سێیەم

بابەتی سەرەکی ئەم بەشە: عیسای مەسیح –  مامۆستا

لە دوو بەشی ڕابڕدوودا عیسامان بینی وەکو مرۆڤی تەواو و دروستکاری موعجیزە. بۆ ئەوەی عیسا باشتر لەلامان ڕوونبێتەوە ئێمە دەبێت ڕەچاوە فێرکردنەکانی بین و لێی تێبگەین.

بەرەکەت کردن و ئاگادار کردن

ئینجا [عیسا] چاوی بۆ قوتابییه‌كانی [بەهەمان شێوە شوێنکەوتووانی] هه‌ڵبڕی و فه‌رمووی:

(خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ ئێوه‌، ئه‌ی هه‌ژاران،

چونكه‌ شانشینی خودا بۆ ئێوه‌یه.‌

خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ ئێوه‌ كه‌ ئێستا برسین،

چونكه‌ تێر ده‌بن

خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ ئێوه‌ كه‌ ئێستا ده‌گریێن،

چونكه‌ پێده‌كه‌نن

خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌ ئێوه‌ كاتێ خه‌ڵك ڕقی لێتان ده‌بێته‌وه‌ و

كاتێ جیاتان ده‌كه‌نه‌وه‌، جنێوتان پێ ده‌ده‌ن و

به‌ به‌دكار ناوتان ده‌به‌ن، له‌به‌ر كوڕی مرۆڤ

له‌و ڕۆژه‌دا دڵخۆش بن و هه‌ڵپه‌ڕن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئاسمان پاداشتتان گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ باوكانیان ئاوایان به‌ پێغه‌مبه‌ران كردووه‌

به‌ڵام قوڕ به‌ سه‌رتان ئه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندان،

چونكه‌ دڵنه‌وایی خۆتان وه‌رگرتووه‌

قوڕ به‌ سه‌رتان ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستا تێرن،

چونكه‌ ئێوه‌ برسی ده‌بن

قوڕ به‌ سه‌رتان ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستا پێده‌كه‌نن،

چونكه‌ ئێوه‌ ماته‌م ده‌گێڕن و ده‌گریێن

قوڕ به‌ سه‌رتان كاتێ هه‌موو خه‌ڵك ستایشتان ده‌كات،

چونكه‌ باوكانیان ئاوایان بۆ پێغه‌مبه‌ره‌ درۆزنه‌كان كردووه‌

به‌ڵام ئه‌ی گوێگران پێتان ده‌ڵێم: دوژمنه‌كانتان خۆش‌بووێ، چاكه‌ بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی نه‌فره‌تتان لێ‌ده‌كه‌ن داوای به‌ره‌كه‌تیان بۆ بكه‌ن، نوێژ بكه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی خراپه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.

مەزنترین ڕاسپاردە

(لیڤی: ئەوانەی کە سەر بە خێڵی کەهەنووتی بوون، سامری: ڕەچەڵەکیان بەنیوە یەهوودی بوون، و یەهوودیان قینیان بۆ هەبوون)

ته‌ورات ناسێك هه‌ڵستا تاكو [عیسا] تاقی بكاته‌وه‌، وتی: (مامۆستا چی بكه‌م تاكو ژیانی تاهه‌تایی به‌ میرات بگرم؟) ئه‌ویش پێی فه‌رموو: (له‌ ته‌ورات‌دا چی نووسراوه‌؟ چۆن ده‌یخوێنیته‌وه‌؟) وه‌ڵامی دایه‌وه‌: ({خودای په‌روه‌ردگاری خۆت به‌ هه‌موو دڵ و هه‌موو گیان و هه‌موو توانا و هه‌موو بیرته‌وه‌ خۆش‌بووێ}، هه‌روه‌ها {نزیكه‌كه‌ت وه‌ك خۆت خۆش‌بووێ.}) عیسا پێی فه‌رموو: (وه‌ڵامه‌كه‌ت ڕاسته‌، ئه‌مه‌ بكه‌ ده‌ژیت.) به‌ڵام ویستی پاكانه‌ بۆ خۆی بكات، به‌ عیسای وت: (نزیكه‌كه‌م كێیه‌؟) عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (مرۆڤێك له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ بۆ ئه‌ریحا ده‌چوو، كه‌وته‌ ده‌ست جه‌رده‌، ڕووتیان كرده‌وه‌ و برینداریان كرد، ئینجا به‌ نیوه‌مری به‌جێیان هێشت و ڕۆیشتن. وا ڕێككه‌وت كاهینێك به‌و ڕێگایه‌دا ده‌ڕۆیشت، كاتێ بینی له‌و به‌ره‌وه‌ تێپه‌ڕی. لێڤییه‌كیش ئاوا گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌، هات و سه‌یری كرد و له‌و به‌ره‌وه‌ تێپه‌ڕی. به‌ڵام سامیره‌ییه‌كی ڕێبوار هاته‌ سه‌ری، بینی و دڵی پێی سووتا، چووه‌ پێش و برینه‌كانی پێچایه‌وه‌، ڕۆن و شه‌رابی به‌سه‌ردا كرد، سواری وڵاغه‌كه‌ی خۆی كرد و بردییه‌ خانێك و چاودێری كرد. ڕۆژی پاشتر دوو دیناری ده‌رهێنا و دایه‌ خانچییه‌كه‌ و وتی: “چاودێری بكه‌ و هه‌رچی زیاترت خه‌رج كرد، كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ده‌تده‌مه‌وه‌.” كام له‌م سێیانه‌ به‌ نزیك ده‌زانیت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌وته‌ ده‌ست جه‌رده‌كان؟) ته‌وراتناسه‌كه‌ وتی: (ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی پێی‌دا هاته‌وه‌.) عیساش پێی فه‌رموو: (تۆش بڕۆ و ئاوا بكه‌.)

چۆنێتی نوێژکردن

[عیسا] پێی فه‌رموون: (كاتێ نوێژ ده‌كه‌ن، بڵێن

باوكه‌،

با ناوت پیرۆز بێت،

با پاشایه‌تییه‌كه‌ت بێ،

نانی ڕۆژانه‌مان هه‌ر ڕۆژێك بده‌رێ

له‌ گوناهه‌كانمان خۆش به‌،

چونكه‌ ئێمه‌ش له‌ هه‌موو قه‌رزاره‌كانمان خۆش ده‌بین.

مه‌مانخه‌ره‌ تاقیكردنه‌وه‌.

کێ شایستەی لێی بترسین

نه‌ كیسه‌ی پاره‌ و نه‌ توره‌گه‌ و نه‌ سۆل هه‌ڵمه‌گرن، له‌ ڕێگاش سڵاو له‌ كه‌س مه‌كه‌ن. چوونه‌ هه‌ر ماڵێكیش، یه‌كه‌م جار بڵێن: “ئاشتی بۆ ئه‌م ماڵه‌ بێت”، ئه‌گه‌ر پیاوی ئاشتی له‌وێ بێت، ئه‌وا ئاشتیتان ده‌چێته‌ سه‌ری، ئه‌گینا بۆ خۆتان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌و ماڵه‌ بمێننه‌وه‌ و له‌وه‌ی هه‌یانه‌ بخۆن و بخۆنه‌وه‌، چونكه‌ كارگه‌ر شایانی كرێی خۆیه‌تی. ماڵه‌ و ماڵیش مه‌كه‌ن. چوونه‌ هه‌ر شارێك و پێشوازییان لێ‌كردن، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌متانی داده‌نێن بیخۆن، ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی تیایه‌تی چاكی بكه‌نه‌وه‌ و پێیان بڵێن: پاشایه‌تی خودا لێتان نزیك‌بۆته‌وه.

زینای دڵ

بیستووتانه‌ وتراوه‌: {داوێنپیسی مه‌كه‌}. به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی به‌ هه‌وه‌سبازییه‌وه‌ سه‌یری ئافره‌تێك بكات، ئه‌وا له‌ دڵی خۆی‌دا داوێنپیسی له‌گه‌ڵ كردووه‌. ئه‌گه‌ر چاوی ڕاستت بۆت بووه‌ كۆسپ، ده‌ری بهێنه‌ و فڕێی‌بده‌. باشتره‌ بۆت ئه‌ندامێكت له‌ده‌ست بچێت، له‌وه‌ی هه‌موو له‌شت بخرێته‌ دۆزه‌خه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ده‌ستی ڕاستت بۆت بووه‌ كۆسپ، بیبڕه‌وه‌ و فڕێی‌بده‌، باشتره‌ بۆت ئه‌ندامێكت له‌ده‌ست بچێت، له‌وه‌ی هه‌موو له‌شت بچێته‌ دۆزه‌خه‌وه‌.

پەیوەندی تەلاقدان و زیناکردن

ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات و یه‌كێكی دیكه‌ بهێنێت، داوێنپیسی ده‌كات. ئه‌وه‌ش كه‌ ته‌ڵاقدراوێك له‌ پیاو ده‌هێنێت داوێنپیسی ده‌كات.

خێرکردن لە نهێنیدا

هۆشیار بن له‌وه‌ی له‌به‌رچاوی خه‌ڵك كاری ڕاستودروستیتان بكه‌ن، تاكو بتانبینن. ئه‌گینا پاداشتتان نییه‌ له‌لای باوكتان له‌ ئاسمان. بۆیه‌ كاتێ خێرێك ده‌كه‌یت، له‌پێش خۆت زوڕنا لێ‌مه‌ده‌ وه‌ك دووڕووان كه‌ له‌ كه‌نیشت و سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌یكه‌ن، تاكو له‌لایه‌ن خه‌ڵك ستایش بكرێن. ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ پاداشتی خۆیان وه‌رگرت. به‌ڵام تۆ كه‌ خێرێك ده‌كه‌یت، مه‌هێڵه‌ ده‌ستی چه‌پت بزانێت ده‌ستی ڕاستت چی ده‌كات، 4تاكو خێره‌كه‌ت به‌ نهێنی بێت. باوكیشت كه‌ له‌ نهێنی‌دا ده‌بینێت، پاداشتت ده‌داته‌وه‌.

چۆنێتی نوێژکردن

كاتێ نوێژ ده‌كه‌ن وه‌ك دووڕووان مه‌بن، ئه‌وان حه‌زده‌كه‌ن به‌ پێوه‌ له‌ كه‌نیشت و سووچی شه‌قامه‌كان نوێژ بكه‌ن، تاكو بۆ خه‌ڵك دیار بن. ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ پاداشتی خۆیان وه‌رگرت. به‌ڵام تۆ كاتێ نوێژ ده‌كه‌یت، بڕۆ ژووره‌كه‌ت و ده‌رگا له‌سه‌ر خۆت دابخه‌، نوێژ بكه‌ بۆ باوكت كه‌ له‌ نهێنی دایه‌. باوكیشت كه‌ له‌ نهێنی‌دا ده‌بینێت، پاداشتت ده‌داته‌وه‌. كاتێ نوێژ ده‌كه‌ن، وه‌ك بت‌په‌رستان چه‌نه‌بازی مه‌كه‌ن، چونكه‌ واده‌زانن به‌ زۆر وتنیان گوێیان لێ ده‌گیرێت. بۆیه‌ وه‌ك ئه‌وان مه‌بن، چونكه‌ باوكتان ده‌زانێت پێویستیتان به‌ چییه‌، پێش ئه‌وه‌ی داوای لێ بكه‌ن. به‌ڵام ئێوه‌ ئاوا نوێژ بكه‌ن:

ئه‌ی باوكمان له‌ ئاسمان

با ناوت پیرۆز بێت،

با پاشایه‌تییه‌كه‌ت بێ،

با خواستت له‌سه‌ر زه‌وی په‌یڕه‌و بكرێت وه‌ك له‌ ئاسمان.

نانی ڕۆژانه‌مان ئه‌مڕۆش بده‌رێ.

له‌ گوناهه‌كانمان خۆش به‌،

وه‌ك ئێمه‌ش له‌ قه‌رزاره‌كانمان خۆش ده‌بین.

مه‌مانخه‌ره‌ تاقیكردنه‌وه‌،

به‌ڵكو ڕزگارمان بكه‌ له‌ شه‌یتان.

ئه‌گه‌ر گه‌رده‌نی خه‌ڵكی له‌به‌ر خراپه‌كانیان ئازاد بكه‌ن، ئه‌وا باوكی ئاسمانیشتان لێتان خۆش ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر گه‌رده‌نی خه‌ڵكی ئازاد نه‌كه‌ن، ئه‌وا باوكیشتان له‌ گوناهه‌كانتان خۆش نابێت.

ڕۆژووکردن لە نهێنیدا

كاتێ به‌ڕۆژوو ده‌بن، ڕووگرژ مه‌بن وه‌ك دووڕووان، چونكه‌ ڕوویان ده‌گۆڕن تاكو بۆ خه‌ڵكی ده‌رخه‌ن كه‌ به‌ڕۆژوون. ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ پاداشتی خۆیان وه‌رگرتووه‌. به‌ڵام تۆ كه‌ به‌ڕۆژوو ده‌بیت، سه‌رت چه‌ور بكه‌ و ده‌موچاوت بشۆ، تاكو بۆ خه‌ڵك ده‌رنه‌كه‌وێت كه‌ به‌ڕۆژوویت، به‌ڵكو بۆ باوكی نهێنیت، باوكیشت كه‌ به‌ نهێنی ده‌بینێت، پاداشتت ده‌داته‌وه.

‌درەختی چاک میوەی باش دەگرێت

ئاگاداری پێغه‌مبه‌رانی درۆزن بن كه‌ له‌ پێستی مه‌ڕدا بۆ لاتان دێن، به‌ڵام له‌ناوه‌وه‌ گورگی دڕنده‌ن. به‌ به‌رهه‌میان ده‌یانناسن. ئایا ترێ له‌ دڕك ده‌ڕنن یان هه‌نجیر له‌ چقڵ؟ به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر دارێكی باش به‌رهه‌می باش ده‌دات، داری خراپیش به‌رهه‌می خراپ. داری چاك ناتوانێت به‌رهه‌می خراپ بدات و داری خراپیش ناتوانێت به‌رهه‌می باش بدات. هه‌ر دارێك به‌رهه‌می باش نه‌دات ده‌بڕدرێته‌وه‌ و فڕێده‌درێته‌ ناو ئاگر.

ئایا عیسا ئاگای لێتە؟

نه‌ك هه‌ر كه‌سێك پێم بڵێت: “خوداوه‌ند، خوداوه‌ند!” ده‌چێته‌ ناو شانشینی ئاسمان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به‌ خواستی باوكم ده‌كات كه‌ له‌ ئاسمانه‌. له‌و ڕۆژه‌دا، زۆر كه‌س پێم ده‌ڵێن: “خوداوه‌ند، خوداوه‌ند، ئایا به‌ ناوی تۆوه‌ پێشبینیمان نه‌كرد، به‌ ناوی تۆوه‌ ڕۆحی‌پیسمان ده‌رنه‌كرد، به‌ ناوی تۆوه‌ په‌رجوی زۆرمان نه‌كرد؟” ئینجا منیش پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نم: “قه‌ت ئێوه‌م نه‌ناسیوه‌. لێم دوور بكه‌ونه‌وه‌، ئه‌ی سه‌رپێچیكاران!

ئاشکراکردنی دووڕووی

(فەریسی: یەکێک لەئەندامانی کرپێکی ئاینگەری یەهوودی)

كاتێ عیسا قسه‌ی ده‌كرد، فه‌ریسییه‌ك بۆ چێشت‌خواردن داوه‌تی كرد. ئه‌ویش چووه‌ ژووره‌وه‌ و دانیشت. فه‌ریسییه‌كه‌ كه‌ بینی عیسا پێش نانخواردن ده‌ستی نه‌شوشت، سه‌ری سوڕما. خوداوه‌ندیش پێی فه‌رموو: (ئێوه‌ی فه‌ریسی ده‌ره‌وه‌ی قاپ و جام پاك‌ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ناختان پڕه‌ له‌ چڵێسی و به‌دكاری. گێلینه‌، ئایا ئه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ی دروستكردووه‌ ناوه‌وه‌شی دروست نه‌كردووه‌؟ جا ئه‌وه‌ی هه‌تانه‌ بیده‌نه‌ هه‌ژاران، ئه‌وه‌تا هه‌موو شتێك بۆتان پاك‌ده‌بێت. به‌ڵام قوڕ به‌ سه‌رتان فه‌ریسییه‌كان، ئێوه‌ ده‌یه‌كی پونگ و ڕازیانه‌ و هه‌موو سه‌وزه‌وات ده‌ده‌ن، به‌ڵام دادپه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستی خودا پشتگوێ ده‌خه‌ن. پێویسته‌ ئه‌مانه‌ بكه‌ن و ئه‌وانه‌ش پشتگوێ نه‌خه‌ن. قوڕ به‌ سه‌رتان فه‌ریسییه‌كان، چونكه‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی كه‌نیشت و سڵاوكردنی بازاڕتان خۆش‌ده‌وێ. قوڕ به‌ سه‌رتان، ئێوه‌ له‌و گۆڕه‌ نادیارانه‌ ده‌چن كه‌ خه‌ڵكی بێ ئه‌وه‌ی بزانن به‌سه‌ریان‌دا ده‌ڕوانن.) یه‌كێكی ته‌وراتناس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (مامۆستا، به‌ وتنی ئه‌مانه‌، ئێمه‌ش سووك ده‌كه‌یت.) فه‌رمووی: (قوڕ به‌سه‌ر ئێوه‌ی ته‌وراتناسیش، بارێك له‌ خه‌ڵكی ده‌ده‌ن كه‌ هه‌ڵگرتنی زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام خۆتان په‌نجه‌یه‌كیش له‌ باره‌كه‌ ناده‌ن. قوڕ به‌ سه‌رتان، چونكه‌ ئێوه‌ گۆڕی پێغه‌مبه‌ران هه‌ڵده‌به‌ستن، كه‌ باوباپیرانتان كوشتوویانن. كه‌واته‌ ئێوه‌ شایه‌تن و به‌ كرده‌وه‌ی باوباپیرانتان ڕازین، ئه‌وان كوشتیانن و ئێوه‌ش گۆڕه‌كانیان بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن. بۆیه‌ دانایی خودا فه‌رمووی: “من پێغه‌مبه‌ر و نێردراویان بۆ ده‌نێرم، به‌ڵام لێیان ده‌كوژن و ده‌یانچه‌وسێننه‌وه‌،” تاكو خوێنی هه‌موو پێغه‌مبه‌ران كه‌ له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ ڕژاوه‌ له‌م نه‌وه‌یه‌ داوا بكرێت.

دڵ هەرگیز پاک نییە

دیسان [عیسا] خه‌ڵكه‌كه‌ی بانگ‌كرد و پێی فه‌رموون: هه‌موو گوێم لێ بگرن و تێ‌بگه‌ن. شت نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ بێته‌ ناوی و گڵاوی بكات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، ئه‌وه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات. [ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن با گوێ‌بگرێت.] كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌جێ‌هێشت و هاته‌ ماڵێك، قوتابییه‌كانی بۆ نموونه‌كه‌ پرسیاریان لێ‌كرد. پێی فه‌رموون: (ئێوه‌ش ئاوا تێ‌نه‌گه‌یشتوون؟ ئایا تێ‌ناگه‌ن كه‌ هه‌رچی له‌ ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ دێته‌ ناویه‌وه‌ ناتوانێت گڵاوی بكات؟ چونكه‌ ناچێته‌ دڵیه‌وه‌، به‌ڵكو سكی، ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ش بۆ ئاوده‌ست.) هه‌موو خۆراكێك پاكه‌. ئینجا فه‌رمووی: (ئه‌وه‌ی له‌ مرۆڤ ده‌رده‌چێت، ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات. چونكه‌ له‌ ناوه‌وه‌، له‌ دڵی مرۆڤه‌وه‌، بیری خراپ ده‌رده‌چێت: به‌دڕه‌وشتی، دزی، كوشتن، داوێنپیسی، چڵێسی، خراپه‌كاری، هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن، به‌ڕه‌ڵایی، چاوپیسی، كفر، لووتبه‌رزی، گێلی. هه‌موو ئه‌م خراپانه‌ له‌ ناوه‌وه‌ ده‌رده‌چن و مرۆڤ گڵاو ده‌كه‌ن.

تۆبەکردن باشترە لە خۆداگرتن

بۆ ئه‌وانه‌ی دڵنیا بوون كه‌ به‌خۆیان بێ‌تاوانن و خه‌ڵكی سووك ده‌كه‌ن، ئه‌م نموونه‌یه‌ی هێنایه‌وه‌: (دوو كه‌س بۆ نوێژكردن چوونه‌ په‌رستگا، یه‌كێكیان فه‌ریسی و ئه‌وه‌ی دیكه‌ باجگر. فه‌ریسییه‌كه‌ وه‌ستا، له‌ دڵی خۆی‌دا ئه‌م نوێژه‌ی ده‌كرد: “خودایه‌ سوپاست ده‌كه‌م وه‌ك خه‌ڵكی دیكه‌ نیم – قۆڵبڕ و خراپه‌كار و داوێنپیسن – وه‌ك ئه‌م باجگره‌ش نیم. هه‌فته‌ی دوو جار به‌ڕۆژوو ده‌بم، ئه‌وه‌ی ده‌ستم ده‌كه‌وێت ده‌یه‌كی ده‌به‌خشم.” به‌ڵام باجگره‌كه‌ له‌ دووره‌وه‌ ڕاوه‌ستا، نه‌یده‌ویست چاوی بۆ ئاسمان به‌رز بكاته‌وه‌، سنگی خۆی ده‌كوتا و ده‌یووت: “ئه‌ی خودایه‌ به‌زه‌ییت به‌ منی گوناهباردا بێته‌وه‌.” پێتان ده‌ڵێم، ئه‌مه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵی خۆی بێ‌تاوان كرابوو، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وی دیكه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی خۆی به‌رز بكاته‌وه‌ نزم ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش خۆی نزم بكاته‌وه‌ به‌رز ده‌كرێته‌وه‌.)

وازهێنان و لەدەستدانی ژیان لەپێنای شوێنکەوتنی عیسا

ئینجا به‌ هه‌مووانی فه‌رموو: (ئه‌گه‌ر یه‌كێك ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و ڕۆژانه‌ خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات ده‌یدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی من خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری ده‌كات. چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌، به‌ڵام خۆی بدۆڕێنێت یان له‌ ده‌ستی بدات؟ ئه‌وه‌ی شه‌رمی به‌ من و به‌ وته‌كانم بێت، كوڕی مرۆڤیش شه‌رمی پێی ده‌بێت، كاتێ به‌ شكۆی خۆی و باوك و فریشته‌ پیرۆزه‌كانه‌وه‌ دێته‌وه‌.

دوای ئەوەی گوێبستی فێرکردنەکانی عیسای مەسیح بوویت، ئایا فێرکردنەکانی هیچ شەرمی لێ نوواندوویت؟ ئەو وشانە لە زارێوە بەرنەبوونەتەوە بۆ ئەوەی خۆشیمان لێ بچێنێت، بەڵکو مەبەستی فێرکردنەکانی ڕاگەیاندنی وشەی خودا بوو. بە گوێرەی ئەو ئایەتانەی سەرەوە، هیچ بەکەڵکی مرۆڤ نایەت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە کەچی ڕاسپاردە و فێرکردنەکانی عیسای مەسیح‌ قبووڵ نەکات، چونکی ژیانی تاهەتاییت لە جهەنەم بەسەر دەبەیت.

وەکو بینیمان لەم بەشەد ڕەچاوەی عیسامان کردن لە گۆشەنیگایەکەوە کە مامۆستایە، بەڵام لە بەشی داهاتوودا دەبین کە عیسا تەنها مامۆستایەکی باش و چاک نییە بەڵکو هەروەها پێغەمبەرێکی باوەڕپێ‌کراو و متمانەپێ‌کراوە.