عیسا کێیە؟ – بەشی دووەم
عیسا کێیە؟ بەشی دووەم مرۆڤی تەواو لەدایکبوونی پاکیزەیی سەرکەوتن بەسەر تاقیکردنەوەکانی شەیتان بێ گوناهی عیسا ئینجیل www.kurdishgospel.tv

عیسا کێیە؟ – بەشی دووەم

عیسا کێیە؟ – بەشی دووەم

بابەتی سەرەکی ئەم بەشە: عیسای مەسیح – دورستکار و خاوەنی موعجیزە

لە بەشی یەکەم‌دا چەند خاڵێکمان بۆ ڕوون بووەوە وەکو لەدایکبوونی پاکیزەی و کە مەسیح بێ گوناه بوو، ئەو دوو خاڵە دەسەلمێنن کە عیسا تایبەتە و هەروەها دۆخی پەیوەندی عیسا لەگەڵ خودای باوکی ئاشکرا کرد. لەم بەشەدا ڕۆشنایی دەخەینە سەر موعجیزەکانی عیسای مەسیح کە چۆن دەسەڵاتی خودا بۆ سەلماندین. موعجیزەکانی مەسیح ڕەحمەت بوون بۆ نەخۆشان، گرنگی‌دان و تێرکردنی برسیان، هێز بەسەر سروشت، و دەسەڵات بەسەر شەیتان، و سەرکەوتن بەسەر هێزی گوناهە و مردن.

موعجیزەی هێمن کردنەوەی ڕەشەبا

ڕۆژێك له‌ ڕۆژان عیسا له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری به‌له‌مێك بوو، پێی فه‌رموون: (با بپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌.) جا به‌ڕێ‌كه‌وتن. كاتێ ده‌ڕۆیشتن ئه‌و نووست. ڕه‌شه‌بایه‌كیش هه‌ڵیكرده‌ سه‌ر ده‌ریاچه‌كه‌، به‌له‌مه‌كه‌ پڕده‌بوو له‌ ئاو و كه‌وتنه‌ مه‌ترسییه‌وه‌. جا هاتنه‌ لای، خه‌به‌ریان كرده‌وه‌ و وتیان: (گه‌وره‌م، گه‌وره‌م، له‌ناوده‌چین!) ئه‌ویش هه‌ڵستا، له‌ ڕه‌شه‌با و شه‌پۆڵه‌كانی ڕاخوڕی، كۆتاییان هات و هێمن بوونه‌وه‌. ئینجا پێی فه‌رموون: (كوا باوه‌ڕتان؟) سه‌رسام بوون و ترسان، به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: (باشه‌ ئه‌مه‌ كێیه‌؟ فه‌رمان به‌ با و ئاویش ده‌كات و به‌ قسه‌ی ده‌كه‌ن.)

موعجیزەی دەرکردنی شەیتان

[عیسا] به‌ره‌و كه‌فه‌رناحوم دابه‌زی، كه‌ شارێكی جه‌لیله‌ و له‌ شه‌ممه‌دا فێری ده‌كردن. له‌ فێركردنه‌كه‌ی سه‌رسام بوون، چونكه‌ وشه‌كانی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بوو. له‌ كه‌نیشته‌كه‌دا پیاوێك هه‌بوو ڕۆحی‌پیسی تێدابوو. به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: (ئای! عیسای ناسیره‌یی چیت لێمان ده‌وێت؟ هاتووی له‌ناومان ببه‌یت؟ ده‌تناسم تۆ كێیت، پیرۆزه‌كه‌ی خودایت.) عیسا لێی ڕاخوڕی و فه‌رمووی: (بێ‌ده‌نگ به‌! لێی وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!) ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ له‌ناوه‌ندیان به‌ زه‌وی‌دا دا و لێی ده‌رچوو، هیچ زیانیشی پێ نه‌گه‌یاند. هه‌مووش سامگرتوو بوون و به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: (ئه‌مه‌ چ وته‌یه‌كه‌؟ چونكه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات و هێزه‌وه‌ فه‌رمان به‌ ڕۆحه‌پیسه‌كان ده‌دات و ده‌رده‌چن.) ئیتر هه‌واڵی له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر بڵاو بۆوه.

خۆشەویستی عیسا نەخۆشی جەستە و دڵ چاکدەکاتەوە

به‌ڵام هه‌واڵی ئه‌و [عیسا] زیاتر بڵاو ده‌بۆوه‌، جا حه‌شاماتێك كۆبوونه‌وه‌ تاكو گوێ‌بگرن و نه‌خۆشییه‌كانیان چاكبێته‌وه‌. ئه‌ویش دوورده‌كه‌وته‌وه‌ بۆ چۆڵه‌وانی و نوێژی ده‌كرد.

ڕۆژێكیان خه‌ریكی فێركردن بوو، فه‌ریسی و مالمه‌كانیش كه‌ له‌ هه‌موو گونده‌كانی جه‌لیل و یه‌هودیا و ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ هاتبوون دانیشتبوون، توانای خوداوه‌ندیشی تێدابوو بۆ چاككردنه‌وه‌. چه‌ند پیاوێك هاتن ئیفلیجێكیان به‌ جێگه‌كه‌یه‌وه‌ هێنا و ده‌یانویست بیهێننه‌ ژووره‌وه‌ و له‌به‌رده‌می دایبنێن. كاتێ له‌به‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ ڕێیان نه‌بوو بیبه‌نه‌ ژووره‌وه‌، سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربان و به‌ جێگه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ نێوان خشته‌كان‌دا بۆ به‌رده‌م عیسا شۆڕیان كرده‌وه‌ ناوه‌ڕاست. كه‌ عیسا باوه‌ڕی ئه‌وانی بینی، فه‌رمووی: (كابرا، گوناهه‌كانت به‌خشران.) مالم و فه‌ریسییه‌كان كه‌وتنه‌ پرسیار: (ئه‌مه‌ كێیه‌ كفر ده‌كات؟ بێجگه‌ له‌ خودا كێ ده‌توانێت گوناه‌ ببه‌خشێت؟) عیساش به‌ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانی زانی، وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (بۆ له‌ دڵتان‌دا ئاوا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌؟ كامیان ئاسانتره‌، بووترێت: “گوناهه‌كانت به‌خشران،” یان بووترێت: “هه‌سته‌ و بڕۆ”؟ به‌ڵام تاكو بزانن كوڕی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه‌،…) به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: (پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌، جێگه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ ماڵه‌وه‌.) یه‌كسه‌ر له‌به‌رچاویان هه‌ڵستا، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری ڕاكشابوو هه‌ڵیگرت و چۆوه‌ ماڵی خۆی، خوداشی شكۆدار ده‌كرد. هه‌موویان سامگرتوو بوون و خودایان شكۆدار ده‌كرد، پڕبوون له‌ ترس و وتیان: (ئه‌مڕۆ شتی سه‌یرمان بینی.)

موعجیزەی نان دانی هەزاران کەس

كاتێ ڕۆژ به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چوو، دوازده‌كه‌ هاتن و پێیان وت: (خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێ‌بكه‌ با بڕۆنه‌ گوند و كێڵگه‌كانی ده‌وروبه‌ر، تاكو له‌وێ بمێننه‌وه‌ و خواردنیش په‌یدا بكه‌ن، چونكه‌ لێره‌ له‌ شوێنێكی چۆڵداین.) پێی فه‌رموون: (ئێوه‌ شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن.) وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (له‌ پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییه‌، مه‌گه‌ر بڕۆین بۆ هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ نان بكڕین.) چونكه‌ نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو ده‌بوون. ئینجا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (به‌ كۆمه‌ڵ دایاننیشێنن، هه‌ریه‌كه‌ نزیكه‌ی په‌نجا.) جا وایان كرد و هه‌موویان دانیشاندن. ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ته‌ماشای ئاسمانی كرد، سوپاسی خودای كرد و له‌تی‌كردن، دایه‌ قوتابییه‌كان تاكو له‌به‌رده‌می خه‌ڵكه‌كه‌ی دابنێن. هه‌موو خواردیان و تێربوون. له‌و په‌لكه‌نانه‌ی لێیان مایه‌وه‌ دوازده‌ سه‌به‌ته‌ هه‌ڵگیرایه‌وه‌.

موعجیزەی زیندووکردنەوەی مردووان

بۆ ڕۆژی پاشتر، عیسا بۆ شارێك چوو ناوی نایین بوو، قوتابییه‌كانی و حه‌شاماتێك له‌گه‌ڵی چوون. كاتێ له‌ ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌ نزیك‌بۆوه‌، ته‌رمێك به‌سه‌ر شانه‌وه‌ بوو، تاقانه‌ی دایكی بوو كه‌ بێوه‌ژنه‌، خه‌ڵكێكی زۆری شاره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ‌بوو. كاتێ خوداوه‌ند بینی، دڵی پێی سووتا و پێی فه‌رموو: (مه‌گریێ.) ئینجا هاته‌ پێشه‌وه‌ و ده‌ستی له‌ داره‌بازه‌كه‌ دا، هه‌ڵگرانی ڕاوه‌ستان. فه‌رمووی: (لاوه‌، پێت ده‌ڵێم، هه‌سته‌!) مردووه‌كه‌ ڕاستبۆوه‌ و ده‌ستی كرد به‌ قسه‌كردن، عیساش دایه‌وه‌ ده‌ست دایكی. هه‌موو ترسیان لێ نیشت، خودایان شكۆدار كرد، وتیان: (له‌ ناومان‌دا پێغه‌مبه‌رێكی پایه‌ به‌رز هه‌ڵستاوه‌، خوداش گه‌له‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ركرده‌وه‌!) ئه‌م هه‌واڵه‌ی ئه‌و له‌ هه‌موو یه‌هودیا و هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌وروپشت بڵاو بۆوه‌.

عیسا پێشبینییەکان لەسەر هاتنی مەسیح هێنایە دی

پیاوه‌كان هاتنه‌ لای عیسا، وتیان: (یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێش ئێمه‌ی بۆ لات ناردووه‌، ده‌ڵێت: “تۆی ئه‌وه‌ی دێیت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه‌ بكه‌ین؟”) له‌و كاته‌دا عیسا زۆرانی له‌ نه‌خۆشی و ده‌رد و ڕۆحه‌پیسه‌كان چاككرده‌وه‌، بۆ زۆر كوێریش دیتنی به‌خشی. ئینجا له‌ وه‌ڵام‌دا پێی فه‌رموون: (بڕۆن چیتان بینی و بیستتان به‌ یه‌حیای ڕابگه‌یه‌نن، كوێر ده‌بینن و شه‌ل ده‌ڕۆن و گول پاك‌ده‌بنه‌وه‌، كه‌ڕ ده‌بیستن و مردوو هه‌ڵستاونه‌ته‌وه‌ و هه‌ژار موژده‌یان ده‌درێتێ. خۆزگه‌ش ده‌خوازرێ به‌وه‌ی گومانم لێ ناكات.)

عیسا سەلماندی کە مەسیحە، و کوڕی خودایە

جوله‌كه‌ لێی كۆبوونه‌وه‌ و پێیان وت: (تا كه‌ی به‌ هه‌ڵواسراوی ده‌مانهێڵیته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، به‌ ئاشكرا پێمان بڵێ.) عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (پێم وتن به‌ڵام باوه‌ڕ ناكه‌ن. ئه‌و كارانه‌ی به‌ ناوی باوكمه‌وه‌ ده‌یكه‌م، شایه‌تیم بۆ ده‌ده‌ن. به‌ڵام باوه‌ڕ ناكه‌ن، چونكه‌ له‌ مه‌ڕه‌كانم نین. مه‌ڕه‌كانم گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرن، منیش ده‌یانناسم و دوام‌ده‌كه‌ون، ژیانی تاهه‌تاییان ده‌ده‌مێ و هه‌رگیز له‌ناو ناچن، كه‌سیش له‌ ده‌ستم نایانڕفێنێت. باوكم كه‌ به‌ منی داون له‌ هه‌مووان گه‌وره‌تره‌، كه‌سیش ناتوانێت له‌ ده‌ستی باوك بیانڕفێنێت. من و باوك یه‌كین.) دیسان جوله‌كه‌ به‌ردیان هه‌ڵگرت تاكو به‌ردبارانی بكه‌ن. عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (زۆر كاری چاكم له‌لایه‌ن باوكه‌كه‌وه‌ پیشاندان، به‌هۆی كامیانه‌وه‌ به‌ردبارانم ده‌كه‌ن؟) جوله‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (له‌به‌ر كردارێكی چاك به‌ردبارانت ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌هۆی كفره‌وه‌، چونكه‌ تۆ مرۆڤێكی و خۆت ده‌كه‌یت به‌ خودا.) عیساش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئایا له‌ ته‌وراته‌كه‌تان نه‌نووسراوه‌: {من وتم ئێوه‌ خودایه‌كانن}؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ به‌ “خودایه‌كان” بانگ بكات كه‌ وشه‌ی خودا بۆ ئه‌وان هاتووه‌ – و ناتوانرێت نووسراوه‌كه‌ بشكێندرێت – 3چۆن ئه‌وه‌ی كه‌ باوكه‌كه‌ پیرۆزی كردووه‌ و بۆ جیهانی ناردووه‌ ده‌ڵێن، “كفر ده‌كات،” چونكه‌ وتم: “كوڕی خودام”؟ ئه‌گه‌ر كاره‌كانی باوكم ناكه‌م، باوه‌ڕم پێ مه‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌یكه‌م، هه‌رچه‌نده‌ باوه‌ڕیشم پێ ناكه‌ن، باوه‌ڕ به‌و كارانه‌ بكه‌ن، تاكو بزانن و تێ‌بگه‌ن كه‌ باوك له‌ من دایه‌ و منیش له‌ باوك‌دام.)

لە کۆتاییدا دەڵێین کە موعجیزەکانی عیسا سەلماندی کە لەگەڵ خودای باوک یەکن، بەڵام زۆر خەڵکی باوەڕی پێ‌‌نەکردن. لەبەشی سێیەمدا باس دەکەین کە چۆن ئامادەبووان و گوێگرانی فێرکردنە تازە و نامۆکانی عیسای مەسیح بوونە هۆیەک بۆ ڕەت کردنەوەی و قووت بوونەوەی زۆر خەڵکی لە دژی و بەلێشاو بەرهەڵەستی بن.

با وشەکانی مەسیح لە مێشک و بیرتدا بچەسپێن، ئەو وشانەی کە دەڵێن، “خۆزگه‌ش ده‌خوازرێ به‌وه‌ی گومانم لێ ناكات.” دوعا بکە خودای میهرەبان و بەخشندە بەنیعمەتی خۆی ڕاستی عیسای مەسیح‌ت بۆ ئاشکرا بکات.